ئەردۆغان ئەمریکا بە پاڵپشتیکردنی پەکەکە تۆمەتبار دەکات

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە 15ی شوبات ئەمریکای تۆمەتبارکرد بە پاڵپشتیکردنی پەکەکە، کە 13 هاوڵاتیی تورکیایان کوشتووە کە دیل بوون لایان.

سەرۆککۆماری تورکیا لە میانی وتارێکیدا بۆ ئەندامانی ئاکەپە ڕایگەیاند، “ڕاگەیەنراوەکەی ئەمریکا بۆ سەرکۆنەکردنی کوشتنی ئەو هاوڵاتییە تورکانە نیشانیدەدات کە پاڵپشتی پارتی کرێکارانی کوردستان و لایەنە کوردییەکانی سوریا دەکەن (کە ئەنقەرە وەک بەشێک لە پەکەکە ناویاندەهێنێت)”.

وتیشی، “ئەو ڕاگەیەنراوەی ئەمریکا گاڵتەجاڕییە “.

ئەردۆغان دەڵێت، “لە پێناو ئەو هاوپەیمانییە جیهانییەی لەچوارچێوەی ناتۆدا هەمانە پێویستە ئەمریکا لە لایەنگریکردنی ‘تیرۆریستان’ بوەستێت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەوە یەکەمجار نییە کە پەکەکە هاوڵاتیی تورکیا دەکوژێت و داوا لە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە بە تەواوی هەموو ڕێکخراوەکە (مەبەست لێی پەیەدە و هەسەدە و حزبە کوردییەکانی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستانە) بە تیرۆریست بناسێنێت.

ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیەنراوەکەی ئەمریکا سەبارەت بە کوژرانی 13 تورک لە چیای گارە دێت و ڕایگەیاندبوو، “ئەگەر ئەو ڕاپۆرتانەی تورکیا لەبارەی کوژرانی 13 هاوڵاتیی وڵاتەکەی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان ڕاستبێت، پەکەکە کە ‘ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە’ ئەو هاوڵاتییانەی کوشتووە بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین”.

لە ڕاگەیەنراوەکەی ئەمریکادا هاتووە، “سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کوژراوەکان دەکەین و پاڵپشتیی هاوپەیمانەکەمان لە ناتۆ دەکەین”.

دوێنێ یەکشەممە خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ-2 لە چیای گارە دژی پەکەکە کۆتاییهات و ڕاشیگەیاند کە 13 هاوڵاتی تورک کە سەرجەمیان سیڤل بێ چەک بوون و دیل بوون لای پەکەکە لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە کوژراون.

بابەتی پێشتر

دەموچاویان بۆ گۆڕیوە

بابەتی دواتر

کۆرۆنا وەرزشی عێراقی پەکخست

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share