مەڵبەندی چواری دھۆکی ی. ن. ک لەسەر دەستگیرکردنی نەزیر بەرواری و زیندانیکراوانی تری بادینان ھاتەدەنگ.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی 12ی شوبات بڵاوكراوەتەوە، مەڵبەندی یەكێتی لە دهۆك ئیدانەی دەستگیركردنی كادرێكی دەكات و داوای ئازادكردنی ئەو كادرە و گیراوانی تری سنوورەكە دەكات.
ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت، “وەکو هەموو کەس و لایەنێک دەزانێت ئێوارەی ڕۆژی پێنچشەممە ھەڤاڵ نەزیر بەرواری، کادری کاروباری کۆمەڵایەتی (ی.ن.ک) لە ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەل پارتی کرێکارانی کوردستان (pkk) لەلایەن ھێزیکی ئاسایشی سنوورەکە دەستگیرکراوە.”
ئەوەش هاتووە، “ئێمە وەک مەڵبەندی چواری دھۆک ئیدانەی ئەم جۆرە گرتنە بەتوندی دەکەین، بە هەمان شێوە ئیدانەی ھەموو ئەو دەستەسەرکردنە ناڕەوایانە دەکەین کە بەبێ ھۆکار لە بادینان دەکرێن، چونکە بەڕاستی بادینان بووەتە جێگای زیندانی سیاسی، ئەمەش جێگای قبول کردن نییە.”
مەڵبەندی چواری دھۆکی ی. ن. ک لە ڕاگەیەندراوەكەیدا داوای ئازادكردنی دەستگیركراوان دەكات و دەڵێت، “داواکارین ھەرچی زووە ھەڤاڵ نەزیر و زیندانییانی تری بادینان ئازادبکرین، چونکە ئەم شێوازی گرتن و زیندانکردنە بەبێ تۆمەت و بێ بڕیاری دادگا دوورە لە عورفی یاسایی.”
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “وەک (ی.ن.ک) لە سنووری دەڤەری بادینان دژی ئەم شێوازی رەفتارەین، ھیوادارین دووبارە نەبێتەوە، وەک سەرکردایەتی (ی.ن.ک) لەم ناوچەیەش لەسەر ھێڵین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئازادکردنی ھەڤاڵ نەزیر و ھەموو زیندانییانی تر کە بەبێ ھیچ ھۆکارێک زیندانیکراون.”