مەسرور بارزانی: چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و سەرجەم سێکتەرەکان دەگرێتەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەکەم، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئامادەبوو، ڕایگەیاند، یاسای چاکسازی لە 1ی تەموزی ئەمساڵەوە چووتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم سێکتەرەکان دەگرێتەوە.

 

لە راپۆرتێکدا کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کرد ڕایگەیاند، “یاسای چاکسازی سەرجەم سێکتەرەکان دەگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی باڵامان بۆ پێداچوونەوەی وەرگرتنی باج و گومرگدا پێکهێنا، دەشبێت دادپەروەری لە وەرگرتنی باجدا هەبێت”.

سەرۆکی حکومەت وتی، “پێداچوونەوەی ورد بە وەرگرتنی باجی سەر کۆمپانیاکانی پەیوەندی و گەیاندن کراوە و سەرجەم کۆمپانیاکان پابەند دەکرێن بە پێدانی باج و دانەوەی ئەو قەرزانەی لایانە بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو، هەروەها پێدانی باج بەپێی فرۆشتنی کارتی کۆمپانیاکانی پەیوەندی کردن دەبێت”.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، “حکومەت میکانیزمی نوێ دەگرێتەبەر بۆ وەرگرتنی باج و وەرگرتنەوەی قەرزەکان، تاوەکو ئێستاش لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە 49 کۆمپانیای گەیاندن ئاگادارکراونەتەوە بۆ پێدانی شایستە داراییەکان، حەوت کۆمپانیاش دراونەتە دادگا”.

“باج لە سەرجەم ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان وەردەگیرێت کە ماوەی بەخشینیان کۆتاییهاتووە، هەروەها گەورە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز و وەبەرهێنانی کارەبا پابەند دەکرێن بە پێدانی باج، سەرجەم ئەو بڕیارانەی بۆ لێخۆشبوونی باج دراون هەڵدەوەشێنرێنەوە لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە درابێت”، سەرۆکی حکومەت ئەوەی ڕاگەیاند.

سەبارەت بە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی وتی، ” بڕیاری پێداچوونەوە بە گرێبەستی سەرجەم دەروازەکاندا دراوە و ئەو خزمەتگوزارییانەی حکومەت خۆی دەتوانێت بیکات وەریدەگرێتەوە و هەرخزمەتگوزارییەکیش بە حکومەت نەکرا دەدرێتە کەرتی تایبەت”.

باسی لەوەشکرد کە لیژنەیەکی باڵایان بۆ بەدواداچوون و نەهێشتنی قاچاخچێتی لە دەروازەکاندا پێکهێناوە تاوەکو بتوانین سنوورێک بۆ قاچاخچێتی دابنێین.

سەبارەت بە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد کە کۆی گشتیی قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان 28 ملیار دۆلارە، کۆی گشتی قەرز و پابەندی دارایی حکومەت تایبەت بە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشنیان، هەشت ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار دۆلارە.

مەسرور بارزانی وتی، “لە ساڵی 2019دا، ڕێژەی لەسەدا 47ی داهاتی نەوت بۆ کۆمپانیاکان چووە”.

ڕاشیگەیاند کە سەرجەم کۆمپانیاکەنی نەوت و گاز دەبێت پابەندی پێدانی باج بن تاوەکو ئێستاش 822 کۆمپانیا تۆمارکراون بە فەرمی، ئەو کۆمپانیایانەی دیکە کە بە فەرمی تۆمار نەکراون پێویستە لەلای حکومەتی هەرێم خۆیان تۆمار بکەن ئەگەرنا کارەکانیان ڕادەگیرێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی، ” لەماوەی دەستبەکاربوونی کابینی نۆی حکومەتدا 12 موچە دابەشکراوە، تەنها دوو موچە دواکەوتووە کە ئەویش بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم بە دۆخێکی ئابووری سەختدا تێدەپەڕێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، هەروەها دواکەوتنی ناردنی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە”.

بابەتی پێشتر

لە پریمەرلیگ چی ڕوودەدات؟ ئەگەر هەیە ئەم وەرزە سیناریۆی 2016 دووبارەبێتەوە

بابەتی دواتر

بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکەوە هەشت کۆچبەر خنکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share