ڕاوێژکاری یاسایی و ڕاسپێردراوی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان، ڕایگەیاند، هەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی و ڕاسپێردراوی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان، ڕایگەیاند، ماوەیەکە چەندین هەواڵ و لێدوان و بابەتی ڕۆژنامەوانی لە سەر هەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمان و ئەو خزمەتگوزاریانەی لە داهاتوودا پێشکەشی دەکات بڵاودەکرێنەوە کە زۆر جار زیادەڕۆیی و ناڕاستیی تێدایە.
دەشڵێت، بە پێویستمان زانی ڕای گشتی و میدیاکان ئاگاداربکەینەوە ئێستا هەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە قۆناغی جێبەجێکردندان و تاقیکردنەوە و چاوپێکەوتن بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەشەکان و فەرمانبەران بەڕێوەدەچێت.
ئاماژە بەەشدەکات، هەر زانیاری و بەرەوپێشچوونێک لەسەر قۆناغەکانی داهاتووی بانکەکە هەبێت بە ڕەسمی لە لاپەڕەی وەزارەتمان بڵاویدەکەینەوە، هەر کەس و لایەن و بەرپرسێک لە وەزارەتە جیاوازەکان لێدوان و شیکردنەوە لەسەر هەنگاوەکانی ئەو بانکە بدات گوزارشت لە ڕای خۆی دەکات و وەزارەت بەرپرسیار نییە لێی.