شارەوانیی سلێمانی هەڵمەتێکی دژی سەرپێچیی ئاژەڵداران لەسەر شەقام و شۆستەکان دەستپێکرد

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان دژی سەرپێچیی ئاژەڵداران لەسەر شەقام و شۆستەکان دەستپێکرد.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە ئامانجی پاراستنی سیمای شارستانیی شارەکە و جێبەجێکردنی ڕێنماییە هاوبەشەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی، قایمقامیەتی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری، تیمە مەیدانییەکانی بەشی خزمەتگوزاریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، هەڵمەتێکی بەرفراوان و چڕیان لەسەر شەقام و شۆستە گشتییەکان دەستپێکرد.

ڕاشیگەیاند، هەڵمەتەکە پاش ئەوە هات، کە ژمارەیەک لە ئاژەڵداران، هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆزیان بە دەرفەت زانیبوو بۆ مه‌به‌ستی جیاواز، بەبێ ڕەچاوکردنی یاسا و ڕێنماییەکان، شۆستە، شەقام و شوێنە گشتییەکانیان بەکارھێنابوو؛ ئەمەش ببووە هۆی شێواندنی سیمای شار و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکەدا، تیمەکانی چاودێریی مەیدانی بە شێوەیەکی یاسایی ڕووبەڕووی سەرجەم ئەو ئاژەڵدارانە بوونەوە کە سەرپێچییان کردبوو و پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون؛ لەئێستاشدا سەرجەم سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی کراونەتەوە.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بانگەوازێکیش ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتییان و دانیشتووانی شارەکە دەکات، “کە هەستی بەرپرسیارێتی بنوێنن؛ بە تەواوی پابەندی ڕێنماییەکانی خاوێنڕاگرتنی شار بن و بە هیچ شێوەیەک ژینگەکەی نەشێوێنن، چونکە پاراستنی خاوێنی و سیمای شارستانیی سلێمانی، ئەرکێکی نیشتمانی و هاوبەشی نێوان لایەنە بەرپرسەکان و هاوڵاتییانە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەرمیان.. ڤاكسینی ئەنفلۆنزای وەرزیی لە مەڵبەندە تەندروستییەكاندا دابەشدەكرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان بڵاویكردەوە، لە ئێستادا ڤاكسینی ئەنفلۆنزای وەرزیی بۆ سەرجەم مەڵبەندە تەندروستیەكانی سەر بە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی…
Total
0
Share