شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە و تاوەباران دەستپێدەکاتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی خەماسینی بیابانەکانی باکووری ئەفریقا، سبەی یەکشەممە، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچەهەور و لە ئەنجامی هەوایەکی سارد لە چینە بەرزەکان و شێی ناوخۆیی، ئەگەری ناجێگیرییەکی لاواز لە کەشوهەوادا دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و زیاتر لە سنووری ئیدارەی سۆران، ڕاپەرین و سنووری پارێزگای دهۆک لە هەندێک کات و شوێندا هەورەبروسکە و تاوەبارانی کورتخایەن دروستدەبێت.
وتیشی، ڕەنگە لە هەندێک ناوچە و شوێنی دیکەشدا، بەدیارینەکراوی کەڵەکەهەوری بە بروسکە دروستببێت و نمەباران ببارێت، هەروەها پلەی گەرمی بەراورد بە بە ئەمڕۆ دوو بۆ سێ پلە بەرزدەبێتەوە، بای باشووری ڕۆژئاوا لە کاتەکانی پاشنیوەڕۆ چالاک دەبێت.
ڕوونیشیکردەوە، ڕۆژی دووشەممە، پلەی گەرمی نزمدەبێتەوە و ئەگەری هەورەبروسکە و تاوەباران زیاتر دەبێت.