شارەوانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەداواداچوون بۆ دۆخی خانووە کەلەپوورییەکان و ڕێکخستنەوەی سیمای ناوەندی شاری سلێمانی دەکەن، دەشڵێت، ڕووخاندنی خانووە کۆنەکان بەمەبەستی بەکارهێنانیان بۆ شوێنی گەراج نایاساییە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی و بەیاوەریی بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سلێمانی و ستافێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی سەردانێکی مەیدانییان بۆ گەڕەکە کۆنەکانی ناوەندی شار ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەردانەکە بەمەبەستی پاراستنی ناسنامەی شار و خەمڵاندنی ئەو زیانانە بوو کە بەهۆی بارانبارینەوە بەر خانووە کەلەپوورییەکان کەوتوون، هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی ڕووخاندنی نایاسایی بیناکان و بەکارهێنانیان بۆ شوێنی گەراج کە لەلایەن چەند کەسێکەوە لە کاتی شەواندا بە تایبەت لەو کاتانەی کە تیمەکانیان دەوامی ڕەسمییان نییە.
هۆکارێکی تری سەردانەکە بریتیبوو لە ڕێکخستنەوەی سیمای ناوەندی شار و بەدواداچوون بۆ کێشەی داگیرکردنی شۆستە و شەقامەکان کە بووەتە هۆی تێکچوونی سیمای شار و دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان.