بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە، ڕایگەیاند، سەرجەم پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە کە ئاو بۆ شاری کۆیە دابیندەکەن (پرۆژەی ئاوی بۆگد – کۆیە ) و (پرۆژەی ئاوی تەقتەق – کۆیە) وەستێندران.
دەشڵێت، بەهۆی ئەو بارانبارینە بەخووڕەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەند شوێنێکی گرتووەتەوە ئاوی زێی بچووک کەسەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ قەزای کۆیە و گوندەکانی دەوروبەری، لێڵبووە و بووە بو قوڕاو، لەبەرئەوە بەناچاری سەرجەم پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک بۆ سەنتەری قەزای ئەمڕۆ کاتژمێر 4ی دواینیوەڕۆ بە ناچاری وەستێندران.
دەشڵێت، ڕێژەی لێڵیی ئاو (NTU) زۆر بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە سەرووی (10000) و فلتەرەکانی پاڵاوتنی ئاو لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ئاو ناتوانن کاری خۆیان ئەنجامبدەن.
ئەوەش دەڵێت، داواکارین لە هاوڵاتییانی شاری کۆیە بە وریاییەوە ئاو بەکاربهێنن بەگوێرەی پێداویستی تاوەکو ئەو کاتەی ئاوی زێی بچووک ڕووندەبێتەوە و ڕێژەی لێڵیی ئاو دادەبەزێت وکاری خاوێنکردنەوە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ئاو ئەنجامدەدرێت و پرۆژەکان دەکەونەوە کار.