ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایدەگەیەنێت، پەرەسەندنێکی سەربازیی مەترسیدار لە ناوچەکەدا بەدیدەکرێت و هەوڵێکی سیستماتیک هەیە، کە ناوچەکە بەرەو شەڕ رادەکێشێت.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، لە ناوچەکانی دێرحافر، مەسکەنە و بەنداوی تشرین، هەڵکشانێکی سەربازی بەدیدەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و درۆنەکانی تورکیا هێرشەکانیان چڕکردووەتەوە. ئەمەش مەترسیی لەسەر سەلامەتیی هاوڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکەدا دروستکردووە.
دەشڵێت، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا، هێزەکانی دیمەشق کە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە پاڵپشتیی دەکرێن، چەندینجار هێرشیانکردە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین، بە بەکارهێنانی درۆنی خۆکوژ، تۆپخانە و هاوەن. ژمارەی هێرشەکان 12 هێرشی تێپەڕاندووە، هەروەها گوندەکانی ئەلمەحشیە، شێخ حەسەن و قەشلایان کردووەتە ئامانج. تۆپبارانی دەوروبەری بەنداوەکە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیە، بەردەوامە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێستا هێزەکانی سەر بە دیمەشق زیاتر ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە شارۆچکەی دێر حافر بەئامانج دەگرن و ئەم کارە رووی لە زیادبوون کردووە.