وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، رێککەوتنی نەوت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کاریگەریی لەسەر نرخی سووتەمەنی نەبووە.
بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ” بەهۆی ئەوەی هەناردەی نەوت تەنها چەند کاتژمێرێکە دەستیپێکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا گۆڕانکاری لە نرخی سووتەمەنی رووینەداوە، بەڵام لە بۆرسەکانی جیهان نرخی سووتەمەنی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.”
لەبارەی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەتەوە ئەوەشی خستەڕوو، “پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم بۆ بەنزینی 750 دیناری لە جۆری نۆرماڵ گرنگە، ئەم پاڵپشتییە هۆکارێکە بۆ راگرتنی نرخی بەنزینی بازرگانی، وایکردووە کە نرخەکە بەم شێوەیەی ئێستا بە جێگیری بمێنێتەوە”.
لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپییەوە وتیشی،”وادەی دابەشکردنی نەوتی سپی نزیکە، هەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتیان بەسەردا دابەشدەکرێت، بەمەش دابەشکردنی ئەو نەوتە نرخی نەوتی سپی لە بازاڕدا کەمدەکاتەوە.”