وردەکاریی راپۆرتەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت ئاشکراکرا

دوای ئەنجامدانی سێ کۆبوونەوەی درێژ، ئەنجومەنی دەوڵەتی عێراق راسپاردەکانی خۆی لەبارەی پرسی داهاتە نانەوتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تەواوکرد.

بڕیارە بەمزووانە راپۆرتەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت و لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بڕیاری کۆتایی، بخرێتە دەنگدانەوە.

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی راپۆرتەکە ئەوەیە کە پێویستە 100%ـی داهاتی گومرگیی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت.

پێشتر حکومەتی هەرێم داوای دەکرد ئەو داهاتە بە شێوەی 50% بە 50% دابەشبکرێت، بەڵام ئەنجومەنی دەوڵەت ئەو پێشنیازەی رەتکردووەتەوە.

لەبارەی باج و رسومات کە بەپێی یاسا فیدراڵییەکانی عێراق کۆدەکرێنەوە، ئەنجومەنی دەوڵەت پێشنیازیکردووە کە 50%ی بۆ هەرێمی کوردستان بێت و 50%ەکەی دیکەی بۆ حکومەتی ناوەندی بگەڕێتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر داوای دەکرد کە تەواوی ئەو داهاتە بۆ هەرێم بمێنێتەوە.

خاڵێکی دیکەی راپۆرتەکە ئەوەیە کە هەر داهات و باجێک بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان کۆبکرێتەوە، بە تەواوی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و دینارێکیشی بۆ بەغداد ناگەڕێندرێتەوە، ئەمە ئەو داهاتانە دەگرێتەوە کە لە شارەوانییەکان و شوێنە بازرگانییەکانەوە بەدەستدێن، وەک باجی سەرتاشخانە و شوێنە بچووکەکانی دیکە کە پێشتر وەزیری دارایی عێراق داوای 50%ی دەکرد.

بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی پارە بۆ بەغداد و پاشان چاوەڕوانیکردن بۆ گەڕانەوەی، ئەنجومەنی دەوڵەت میکانیزمی “مەقاسە” (لێبڕین)ی پێشنیازکردووە، بۆ نموونە، ئەگەر هەرێمی کوردستان پێویست بوو 100 ملیار دیناری داهاتی گومرگ رەوانەی بەغداد بکات، لە هەمان کاتدا بەغدادیش دەبوو 400 ملیار دینار بۆ تەواوکاریی مووچە بنێرێت، ئەوا بەپێی ئەم میکانیزمە، وەزارەتی دارایی عێراق راستەوخۆ 100 ملیار دینارەکە لە پشکی هەرێم دەبڕێت و تەنها 300 ملیار دینار دەنێرێت.

بەو شێوەیە هەردوولا پابەندییەکانیان جێبەجێدەکەن بەبێ ئەوەی پارە بنێرن و چاوەڕێی گەڕانەوەی بکەن.

لە کاتی ئامادەکردنی راپۆرتەکەدا، ئەنجومەنی دەوڵەت داوای لە هەرێمی کوردستان کردبوو دوو نوێنەر وەک چاودێر بنێرێتە کۆبوونەوەکان، بەڵام هەرێمی کوردستان هیچ نوێنەرێکی نەنارد، راپۆرتەکە لەلایەن 24 ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەتەوە واژووکراوە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکات.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share