قائیمقامی هەولێر رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکییەوە گرفتی دابەشکردنی بەنزینمان هەبوو، بەڵام لەئێستادا پرۆسەی دابەشكردنی بەنزینی پاڵپشتکراوی 750 دیناری، ئاساییبووەتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هێرشە درۆنییەکانی ئەم ماوەی پێشوو کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی پاڵاوگەکانی هەولێر هەبوو، لە ئەنجامدا بڕی بەرهەمهێنانی بەنزینی 750 دیناری کەمبوویەوە.
باسی لەوەشکرد، کەمبوونەوەی بڕی بەنزین لەم چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکییەوە بووە، لەئێستادا ئەو کێشەیە چارەسەرکراوە و لە 23 بەنزینخانە بەنزینی پاڵپشتکراو دابەشدەکرێت.
وتیشی، لیژنەکانی قائیمقامییەت بەردەوام چاودێری کوالێتی بەنزینی بەنزینخانەکان دەکەن، تاوەکو رێگری بکەن بەنزینی کوالێتی نزم بدرێتە هاوڵاتییان، سزاکانیش توندترکراون، بۆیە ئێستا شۆفێران کەمتر تووشی ئەو کێشانە دەبنەوە پێشتر تووشی دەبوون.
جەختی لەوەشکردەوە، هەر بەنزینخانەیەک دەستکاریی کوالێتی بەنزینی 750 دیناری بکات، بێبەشدەکرێت لە بەنزینی پاڵپشتیکراو و سزای توند دەدرێت.