ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرایکرد، ترەمپ درکی بەوەکردووە، ناتوانێت ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا و ڤۆڵۆدیمێر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەسەر مێزێک کۆبکاتەوە.
لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکیدا هاتووە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی ئۆنڵاینەوە کۆبوونەوەی لەگەڵ زلێنسکی و کۆمەڵێک سەرکردەی ئەوروپا ئەنجامداوە و، گفتوگۆی دەرەنجامە دیپلۆماسییەکانی هەوڵی کۆتایهێنان بە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا، کراوە.
ئەکسیۆس لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ترەمپ لە کاتی کۆبوونەوەکە تووشی نائومێدی بووە و، درکی بەوەکردووە ناتوانێت کۆبوونەوەیەک لەنێوان پوتن و زلێنسکی رێکبخات، یان بابەتی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، ببات.
هەر لەوبارەیەوە، پوتن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامادەیە لە مۆسکۆ لەگەڵ زلێنسکی کۆببێتەوە، بەڵام ئۆکرانییەکان ترسی ئەمنییان هەیە و، پێیانوایە ژیانی زلێنسکی لە مۆسکۆ دەکەوێتە مەترسییەوە.