پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنیت، ئەمڕۆ دادگاى فیدرالى هیچ بڕیارێک لەبارەى مووچەوە نادات و دەشڵێت، هیچ نیازێکیش بۆ ناردنى مووچە نییە.
عەلى حەمەساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگای باڵاى فیدراڵى بڕیار لەبارەی مووچەوە نادات و، دیارنییە کەی ئەم بڕیارە دەدات.
وتیشى، “تا ئەم ساتەش هیچ نیەتێک لە بەغدادەوە بۆ ناردنی پارە نییە. دەسەڵاتیش ئامادەنییە هیچ قسەیەک لەسەر دابەشکردنی مووچە بە داهاتی نەوت و ناوخۆ بکات”.
پێنجشەممەى رابردوو دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دواى کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵى، لە زارى تەیف سامی وەزیرى دارایی عێراقەوە رایانگەیاند کە چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵییە و ناردنی مووچە پەیوەستە بە بڕیاری دادگاکەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا پێشتر دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەڕووی یاساییەوە، کێشەی مووچە چارەسەر بووە و گرفتی هونەری و ئیداریی بۆ دروستکراوە؛ هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند، پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی نەبوون و زەرەرمەندیش فەرمانبەرانن.
وتیشى، “دادگای فیدراڵی پێشتر پرسی مووچەی یەکلاییکردووەتەوە و باسیلەوەکردووە، دەبێت مووچەی فەرمانبەران تێکەڵاوی ململانێی سیاسی نەکرێت و مانگانە لەکاتی خۆیدا، وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق بدرێت”.
لە 14 تا 18ى ئایارى رابردوو مووچەى مانگى نیسانى مووچەخۆرانى هەرێم دابەشکرا و مووچەخۆران چاوەڕوان بوون بەر لە جەژنى قوربان مووچەى مانگى ئایاریش وەربگرن، بەڵام بەر لە جەژن وەزارەتى دارایى عێراق بە نووسراوێکى رەسمى راگرتنى پارەدارکردنى بە هەرێمى کوردستان راگەیاند و، تا ئەمڕۆش کە زیاتر لە مانگێک بەسەر دابەشکردنى مووچەى مانگى چواردا تێپەڕبووە، چارەنووسى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم نادیارە.