سروە محەمەد: بەهۆی قەیرانی دارایی عێراقەوە کێشە بۆ مووچەی هەرێم دروستکراوە

سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هۆکاری دروستکردنی کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندیی بەو قەیرانە داراییەوە هەیە کە عێراقی گرتووەتەوە.

سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، راستە راگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بڕیارێکی سیاسیی بووە، بەڵام بەشێکیشی پەیوەندیی بەو قەیرانە داراییەوە هەیە کە لە عێراقدا دروستبووە.

وتیشی، عێراق لە ئێستادا لە قەیرانی نەبوونی پارەی سیولەدایە، خەڵك متمانەی بە بانکەکان نییە ئەو مووچەیەی لە رێگای بانکەوە وەریدەگرێت راستەوخۆ رایدەکێشێتەوە، پارە لە دەستی حکومەتدا نەماوە، هەر بۆیە بیانوو بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروستکراوە.

ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا هەوڵەکان لە حکومەتی هەرێم، سەرۆکایەتیی کۆمار سەرکردایەتیی کورد بۆ چارەسەری ئەو گرفتە چڕکراونەتەوە، هەمووان چاوەڕێی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵین کە فەرمانسالاری لەو بارەیەوە دەربکات.

سەبارەت بە تێپەڕاندنی خشتەی بودجە سروە محەمەد رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران فشارەکانی سەر حکومەتی بۆ ئەو مەبەستە زیادکردووە، ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەر کات ئەو بابەتە هاتە ئەنجومەنی نوێنەران بە دڵنیاییەوە بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەین و دەنگی پێدەدەین، چونکە بەشێکی گرنگی پەیوەندی بە شایستە داراییەکانی هەرێمەوە هەیە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share