وەزارەتی دارایی روونكردنەوەیەكی بەپەلەی لەبارەی مووچەوە بڵاوكردەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی لێبڕینی 3٪ لە مووچەی خانەنشینان دەڵێت ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە نییە، بەڵكو لەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و خودی وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارە جێبەجێكراوە

لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێمدا هاتووە، لە دوای بڵاوبوونەوەی گشتاندنی دارایی ژمارە (4) ی ساڵی (2025) لە 2ی 6ی 2025 تایبەت بە لێبڕینی خانەنشینی، وەك لە گشتاندنەكەدا هاتووە كە پاڵپشتە بە جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق و دوو نووسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارە 5989 لە 15ی 5ی 2025 و ژمارە 6170 لە 19ی 5ی 2025و كۆنوسی كۆتایی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە ( 24660)ی ساڵی ( 2024).

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لێرەو لەوێ لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكی پۆپۆلیست و كەسانی بەناو رەخنەگری بێئاگا كە لەسەر هەموو شت قسەدەكەن بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەكیان لەو بابەتانەدا هەبێت چەندین بوختان و چەواشەكارییان لەسەر ناوەڕۆكی گشاندنەكە بڵاوكردووەتەوە، لەپێناو ئەوەی چی تر رایگشتی بەلاڕێدا نەبرێت بەپێویستمان زانی بەم چەند خاڵەی خوارەوە راستییەكان بخەینە ڕوو.

1.دوای بەركاربوونی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە ( 9)ی ساڵی ( 2014) لە هەرێمی كوردستان بەپێی بریاری ژمارە ( 259) لە 3ی 7ی 2024 و سەپاندنی ڕێژەی ( 10٪ ) لێبڕینی خانەنشینی ( توقیفات التقاعدیە ) لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەمەش ڕێژەی ( 3%) لێبڕینی خانەنشینی لە 1ی1ی 2024 وەكوو قەرز تۆمار دەكرێت لەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان كە بەپێی نووسراوی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بەژمارە ( 19100 )لە 8ی 5ی 2025 كە ئاڕاستەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد كراوە و تیایدا كۆنووسی لیژنەی كۆتایی لە 9ی 3ی 2025 هاوپێچ كراوە ئەم لێبڕینەی سەپاندووە بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لە 1ی6ی 2025 لێبڕینەكە لە مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.

2. ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستانەوە نییە، بەڵكو لەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و خودی وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارە جێبەجێكراوە، لە مانگی شوباتەوە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ هەوڵیداوە ئەو لێبڕینە جێبەجێبكات و بەماوەیەكی كورتیش پارەكە وەربگرێتەوە، بەڵام بە هەوڵی تیمەكانی وەزارەتمان ماوەی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە درێژكرایەوە و چەند مانگێكیش جێبەجێكردنەكەی دواخرا كە هەموو مانگێك وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ ئەو لێبڕینەی كردبووە یەكێك لە مەرجەكانی ناردنی تەموویلی مووچە.

3. چۆن جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق بۆتە هۆی سوودمەندبوونی سەدان هەزار خانەنشین و فەرمانبەر كە لە داهاتوودا بەم یاسایە خانەنشین دەبن، دەبێت ئەو پابەندیەش جێبەجێبكرێت كە بریتییە لە دانەوەی ئەو جیاوازی لێبرینە كە لایەنێكی تری یاساكەیە.

4. ئەم لێبڕینی لە ( 3٪ )یە، كە مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان گل دەدرێتەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو سندووقی خانەنشینیی یەكگرتووی حكومەتی فیدراڵەوە .

5. جێبەجێكردنی ئەو لێبڕینی خانەنشینییە یەكێك بوو لە تێبینییەكانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێريی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەركاربوونی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق و ناردنی تەموویلی مووچەی مانگانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە.

لە كۆتایدا وەڵامی پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ( دارا سێكانیانی ) و هاوشێوەكانی و ئەو كەس و لایەنانەی كوێرانە دەدەینەوە كە بووختانیان بۆ حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان كردووە لەم بابەتەدا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share