ئەنجومەنی وەزیران: لە دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەند بەردەوام دەبین

ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆبووەوە و لەمیانەیدا رێککەوتنە نوێیەکانى بوارى وزە لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمریکى تاوتوێکران.

بەپێى راگەیەندراوى کۆبوونەوەکە، بڕگەى سەرەکى تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی رەسمیی وەفدى باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەفتەى رابردوودا و واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامە لە بواری وزە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی ( HKN ) و (WesternZagros).

مەسرور بارزانى، سەرۆک وەزیران رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەڕوانێت، هەروەها پشتیوانیی واشنتنی بۆ قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بە گرنگ وەسفکرد بە ئاراستەی پتەوکردنی سیستمی فیدڕاڵی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم.

سەبارەت بە واژۆکردنی رێککەوتننامەکانی بواری وزەش وتى، “ئەو دوو رێککەوتننامەیە، سوودیان بۆ هەرێمی کوردستان و هەموو خەڵکی عێراق دەبێت”.

دواتر هەریەک لە ئەندامانی وەفدەکە بەپێی تایبەتمەندیی خۆیان، وردەکاریی زیاتری کۆبوونەوە و دیدارەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆ، کە رۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدراڵی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندیی هەمووان، کە بەداخەوە بەهۆی راگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتووە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share