بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رەتیدەكاتەوە ئەمشەو لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی رووداوی نەخوازراو و تەقەكردن روویدابێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمشەو لە هەندێك پەیج و ماڵپەر هەواڵێكی بێ بنەما بڵاو كراوەتەوە كە گوایا لە گەڕەكی سەرچنار لە شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی روویداوە و تەقە كراوە و دوو هاوڵاتیش بریندارن.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئێمە بە پێویستمان زانی هاوڵاتییانی خۆشەویستی شارەكەمان دڵنیابكەینەوە ئەو هەواڵانە سەراپایان دوورن لە راستییەوە، ئەمشەو وەك شەوانی تر شاری سلێمانی شەوێكی ئارامی بەڕێدەكات و تاوەکو كاتی بڵاوكردنەوەی ئەم روونكردنەوەیە هیچ رووداوێكی نەخوازراو تۆمارنەكراوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لێرەوە بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین هێزەكانمان لە سەرجەم كوچە و كۆڵانەكان ئەركی خۆیان بەجێدەگەیەنن و هەر كەسێكیش سەرپێچیی یاسا بكات و هەوڵی تێكدانی ئارامیی شار بدات، رێكاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر، هەر پەیج و ماڵپەریكیش هەواڵی ناڕاست بڵاوبكاتەوە سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماردەكەین و رووبەڕووی یاسای دەكەینەوە.