وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایدەگەیەنێت، سێ حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی HIV بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز دەستنیشانکران، کە لە ساڵۆنەکانی ئافرەتان کاریاندەکرد.
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای پشکنینی تاقیگەیی رۆژانە بۆ کارمەندانی شوێنە گشتییەکان و دەرهێنان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی، لەلایەن تاقیگەی تەندروستیی گشتی، سێ حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی HIV بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز لەلایەن تیمەکانی تەندروستی دەستنیشانکرا کە لە ساڵۆنەکانی ئافرەتان کاریاندەکرد و هەموویان بیانی بوون.
دەشڵێت، لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادارکرایەوە و رێکاری پێویست وەرگیرا.
داواش لە هاوڵاتییان دەکات، خۆیان بەدووربگرن لە شوێنی نارەسمی، پێویستە سەردانی شوێنی رەسمی بکەن و لە شوێنە گشتییەکان پرسیاری مۆڵەتی تەندروستی بکەن و لە هەر گومانێک لە نەبوونی مۆڵەت یان دیاردەیەکی ناتەندروست، ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە لە رێگەی هێڵە گەرمەکانی پەیوەندی، یان سندوقی سکاڵا، تیمەکانی تەندروستی ئاگاداربکەنەوە.