وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، “زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تۆماری بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە”.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، “هەزار و 79 ناوەند لە عێراق بۆ نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران کراونەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێم تۆماری بایۆمەتریی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوێکردووەتەوە”.
بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یەک ملیۆن و 120 هەزار و 647 کەس تۆمارى دەنگدەرانیان لە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان نوێکردووەتەوە.
بەغداد لە ریزبەندیی یەکەمی پارێزگاکانی عێراقدایە کە 232 هەزار و 474 کەس تۆماری بایۆمەتریی دەنگدانیان نوێکردووەتەوە و پارێزگاى نەینەوا بە 176 هەزار و 291 کەس لە ریزبەندیی دووەمدایە.
لە هەرێمی کوردستانیش، زۆرترین نوێکردنەوەى تۆماری دەنگدەران لە هەولێر بووە بە 79 هەزار و 935 کەس و لە سلێمانى 57 هەزار و 798 و لە دهۆک 42 هەزار و 946 کەس تۆمارى دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە.
رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکراوە و بەپێی ئامارەکان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، 29 ملیۆن هاوڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت.