وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، مەرجەکانی وەزارەتەکەی بۆ هاوردەکردنی گۆشت راگەیاند و دەڵێت، ئەمە هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی.
محەمەد خەزائی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، وەزارەت کۆمەڵێک مەرجی داناوە کە دەبێت بەسەر گۆشتی هاوردەکراودا جێبەجێبکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیانە بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی.
وتیشی، یەکێک لە مەرجە گرنگەکان بریتییە لە هاوردەکردنی گۆشتی بەستوو لەو وڵاتانەی کە بڕوانامەی تەندروستیی ڤێتێرنەرییان هەیە، هەروەها وڵاتانی هەناردەکار دوور بن لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان، وەک نەخۆشیی (هاریی مانگا).
ئاماژەی بەوەشکرد، مەرجێکی دیکە ئەوەیە، گۆشتەکە لەو وڵاتانەوە هاوردەبکرێت، کە پێشتر وەزارەت سەردانی کردوون و سەربڕخانەکانیان باوەڕپێکراو بووە، هەروەها گۆشتی هاوردەکراو لەگەڵ تایبەتمەندیی ستانداردی عێراقی ژمارە 1185 بگونجێت، کە تایبەتە بە گۆشتی بەستووی مانگا، گامێش، مەڕ و بزن.