بەڕێوەبەرى سامانى ئاژەڵ لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم رایگەیاند، “ئەگەر رەنگە وشکەساڵی رووبدات رەنگە نرخی کا و جۆ بەرزببێتەوە”.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەرى سامانى ئاژەڵ، لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان، رایگەیاند، “ئەگەر وشکەساڵى لە هەرێمى کوردستان رووبدات رەنگە نرخى جۆ و کا کەمێک بەرزببێتەوە، ئاستی بەرهەمی کا لەکاتى دروێنەى گەنم و جۆ دەردەکەوێت”.
لەبارەی نرخی ئالیک، ئەو بەڕێوەبەرە رایگەیاند، “بەهۆى کەمیی بارانبارین لەهەرێمى کوردستان نرخى ئالیک بەرزنەبووەتەوە، چونکە لە ناوخۆدا ئالیک بەرهەمدەهێندرێت، هەروەها لە هەرێمى کوردستان 48 کارگەى دروستکردنى ئالیک هەن، کە لە باجى گومرگیی سەر کەرەستەى سەرەتایی دروستکردنى ئالیک بەخشراون”.
باسی لەوەشکرد، “لەگەڵ ئەوانەشدا نرخى کارەبا لەسەر کارگەکانى ئالیک کەمکراوەتەوە، ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ جێگیربوونى نرخى ئالیک لە هەرێمى کوردستان، هەروەها ئالیک هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرێت و هەر کاتێک وشکەساڵى رووبدات لەبەرامبەردا ئاژەڵداران کەمتر ئاژەڵ بەخێودەکەن و دەیفرۆشنەوە، بۆیە نرخى ئالیک بەرزنابێتەوە”.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستان 48 کارگەی دروستکردن و بەرهەمهێنانی ئالیک هەن، کە ساڵانە دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن ئالیک بەرهەمدەهێنن، هەروەها لە هەرێمی کوردستان چوار میلۆن سەر مەڕ و بزن و 250 هەزار سەر رەشە وڵاخ هەن.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان نرخی یەک تۆن ئالیکی ئاژەڵ 470 هەزار دینارە و نرخی یەک تۆن ئالیکی پەلەوەریش 550 هەزار دینارە .