دانەغاز: بەرهەمهێنانى غاز لە هەرێم بە رێژەى زیاتر لە 50% زیاددەکەین

کۆمپانیای دانەغاز رایدەگەیەنێت، ساڵى داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بە رێژەى زیاتر لە 50% زیاددەکەن و روونیشیدەکاتەوە، ساڵى داهاتوو کار لە کێڵگەیەکى نوێش دەستپێدەکەن.

هەردوو کۆمپانیاى دانەغازى ئیماراتى و کرێسێنت پێترۆڵیۆم لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر، کە گەورەترین کێڵگەى غازە لە عێراق و هەرێمى کوردستان، گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی ئەویش 500 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوتە.

دەشڵێن، “ئەو غازەی ئێمە بەرهەمی دەهێنین 75%ی کارەبای هەرێمی کوردستانی پێ دابیندەکرێت”.

لە مانگی ئازاردا ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتە 525 ملیۆن پێ سێجا، کە بەراورد بە ساڵی 2017 ئاستی بەرهەمهێنان بە رێژەى 75% زیادکراوە، وەک ئەوەى لە راگەیەندراوى کۆمپانیاکاندا هاتووە.

روونیشیدەکاتەوە، بەخێرایی کار لە پرۆژەی کۆرمۆر 250ـدا دەکەین کە پرۆژەی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکەیە و، چاوەڕێ دەکرێت پێش چارەکی یەکەمی ساڵی 2026 تەواوببێت، ئەوەش هەنگاوێکی گەورە دەبێت و توانای بەرهەمهێنان بە رێژەی زیاتر لە 50% زیاد دەکات.

کۆمپانیاکان باس لەوەشدەکەن، کار لە کێڵگەی چەمچەماڵ دەستپێدەکەن و چاوەڕێ دەکرێت ساڵی 2026 ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لەو کێڵگەیەشدا بگاتە 71 ملیۆن پێ سێجا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share