بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەمیشە هاوسۆزین لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و قوربانییانی چەکی کیمیایی

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:

هەمیشە دەست لەسەر سنگ، هاوسۆزین لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و قوربانیانی چەکی کیمیایی.

هەڵەبجە بۆ ئێمە هێمای قوربانی و مەزڵومیەتی گەلەکەمانە، دوای ٣٧ ساڵ لە جینۆسایدکردن و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی هەمیشە زیندوو، تاوەکو ئێستا ئاسەوار و کاریگەرییە خراپەکانی بەسەر خەڵک و خاکی شارەکەوە ماوە.

ئێمە لە ئازاری کەسوکارەکانمان، داواکاری و خواستەکانیان لە هەڵەبجەی سەربەرز تێدەگەین، بۆیە لەگەڵ هەموو گلەیی و پێویستییەکانیاندام و لە پێشەوەی بەرگری لە مافەکانتان و پارێزەری راستەقینەشتان دەبم بۆ هێنانەدییان.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشانە لە رێگای نوێنەرەکانی لە ناوەندەکانی دەسەڵات و یاسادانان وەک هەمیشە بێ درێغیکردن بۆ پرسی هەڵەبجە کاردەکات و بەردەوام لە هەوڵدا دەبین تا خزمەتی شاری شەهیدان و خەڵکە خۆشەویستەکەی بکەین، ئەمەش ئەرکە لەسەرشانی هەموو یەکێتییەک کە خزمەتکاری هەڵەبجە بێت.

ئیتر کاتی هاتووە دوور لە دروشم، هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری هەڵەبجە و بە یەک دەست هەموومان بە پرۆژەیەکی نیشتمانییەوە کاربکەین بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ناوچەکە.

ئەرکی حکومەتیشە خزمەتکردنی هەڵەبجە و ئاوەڕدانەوەی زیاتر لە شارەکە بکاتە ئەولەویەتی کارکردنی و بودجە و شایستەی دارایی پێویست دابینبکات کە لە ئاست گەورەیی هەڵەبجەدا بێت.

سڵاوی وەفاداریمان بۆ گیانی پاک و نەمری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە، سەربەرزی بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share