محەمەد ئەمین، ئەو جوتیارە کوردەی لەلایەن سوپای عێراقەوە پەلاماردرا، سکاڵای لەسەر تۆمارکرا.
محەمەد ئەمین، دەڵێت، “ئەمڕۆ سەردانی دادگای دووبز-م کرد بۆ پێشکەشکردنی بەڵگە و وتەی شایەدەکان لەسەر رووداوی پەلاماردانم لەلایەن سەربازەکەی سوپای عێراق کە هەفتەی رابردوو لە گوندی شەناغە ئازاری پێگەیاندبووم، بەڵام کە چوومە دادگا شۆکبووم کاتێک پێیان راگەیاندم ئەو سەربازە سێ رۆژ پێش ئێستا هاتووە بۆ دادگا و سکاڵای یاسایی لەسەر من تۆمارکردووە”.
دەشڵێت، سەربازەکە داوایکردووە کە سزا بدرێم لەسەر ئەوەی گوایە من پەلامارمداوە لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکی پیشەیی خۆی، ئەم سکاڵایە ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو سەربازە دەستگیرنەکراوە هەروەکو لەسەر زاری فەرماندەی فیرقەی هەشت بەمن راگەیەندرا.
باس لەوەشدەکات،”بە پێی داواکەی ئەو من تاوانبارم، رێکارەکانی دادگاش بەجۆرێکن کە بەپێی ئەو ماددەیەی تێیدا من پێی تاوانبارکراوم مافی گشتی تێدایە و رەنگە سەرەڕای دەستگیرکردنم و حوکمدانم، غەرامەش بکرێم لەکاتێکدا کە من زەڕڕەیەک پاشگەزنیم و ئەوەی من بناسێت دەزانێت کە ترس لە گیانی مندا نییە لە بەرامبەر کەیسی بەرگریکردن لە مافی گشتی و جوتیاران”.
جوتیارە کوردەکە دەڵێت، “داوادەکەم کە لێکۆلینەوە بکرێت و هەوڵبدرێت دادگاکه ئاڕاستەی یەکسانی بگرێتەبەر و نەکەوێتە ژێر فشاری لابەلا و ئەو زوڵمە قبوڵ نەکات کە بەڕوونی دیارە کێ تاوانبارە”.