فراکسیۆنە کوردییەکان دەگەنە سەرگەڕان

بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەی جوتیارانی کورد لە ناحیەی سەرگەڕان، ئەمڕۆ بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان دەگەنە ناوچەکە.

غەریب ئەحمەد ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەسەر پێشنیاری فراکسیۆنی یەکێتی ئەمڕۆ زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکان بەیەکەوە بەڕێگاوەین بۆ ناحیەی سەرگەڕان، مەبەستمان لەمە جەختکردنەوەیە لە جێبەجێکردنی یاسا و داکۆکیکردن لە هاوڵاتییانی کورد لە ناوچەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی دوێنێ روویدا رووداوێکی ئاسان نەبوو، بەڵام دڵنیایی دەدەین کە ئەم کێشەیە دووبارە نابێتەوە و هەر ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری جوتیاران کۆدەبینەوە و گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەکەین.

غەریب ئەحمەد ئاشکراشیکرد، هەر ئەمڕۆ یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان لەگەڵ یاسای لێبوردنی گشتی و یاسای باری کەسێتی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاودەکرێنەوە، بەو پێیەش لە ئەمڕۆوە یاساکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەمە زامنی مافی جوتیارانی کورد دەکات لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

دوێنێ دووشەممە هێزێکی سەر بە سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی کورد لە ناحیەی سەرگەڕان و رێگری کارکردنیان لێکردن و داوایان لێکردن زەوییەکانیان چۆڵ بکەن.
ئەم رووداوە کاردانەوە و نارەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کشتوکاڵی سلێمانی: هەناردەکردنی مریشک و هێلکە بۆ عێراق نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی، رایگەیاند، هەناردەکردنی مریشک و هێلکەی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ. شاڵاو جەمال،…
Total
0
Share