عێراق مۆڵەتی یەک هەفتە دەداتە ئەو ئاوارە لوبنانییانەی لە وڵاتەکەیدان بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان بە پێچەوانەوە تووشی سزا دەبنەوە.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەو ئاوارە لوبنانیانەیان ئاگادارکردووەتەوە کە لە پارێزگاکانی عێراق دەمێننەوە و یەک هەفتە مۆڵەتیان دراوەتێ کە بەبێ بەرامبەر بۆ وڵاتەکەی خۆیان بگەڕێنەوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو مافی مانەوە بێبەرامبەرەی بە ئاوارە لوبنانییەکان دراوە، لە 20 ی ئەم مانگە ماوەی بەکارهێنانی بەسەردەچێت، بۆیە لەدوای ئەو کاتەوە تووشی سزای دارایی دەبنەوە.
لەدوای تێكچوونی دۆخی باشووری لوبنان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە پێنج بۆ حەوت هەزار ئاوارەی ئەو وڵاتە روویان لە عێراق کردووە.