سێ فڕۆكەخانەی نوێ لە سێ پارێزگای عێراق دەكرێنەوە

پەرلەمانتارێك رایدەگەیەنێت، كردنەوەی سێ فڕۆكەخانەی نوێ لە عێراق نزیكە و باس لە گرنگیی هەر یەكێكیشیان دەكات.

باقر ساعدی، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، كەوتنەكاری سێ فڕۆكەخانەی نوێ نزیكە، هەنگاوی بەرچاو بۆ تەواوكردنیان نراوە.

وتیشی، “رەوتی كاركردن لە فڕۆكەخانەكانی موسڵ، ناسڕیە و كەربەلا گەیشتووەتە 60% بەراورد بە ساڵانی رابردوو”.

كردنەوەی فڕۆكەخانەكان دەكەوێتە كۆتایی ئەمساڵ، یان سەرەتای ساڵی 2026، وەك ئەوەی ساعدی ئاماژەی پێدا.

روونیشیكردەوە، ئەو فڕۆكەخانانە دەبنەهۆی پەرەپێدانی نەخشەی گواستنەوەی ئاسمانی لە عێراق، بەتایبەت هاوكات لەگەڵ زیادبوونی گەشتیاران یاخود سەردانكەران بۆ كاروبارە ئابوری و بازرگانییەكان.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد، كارپێكردنی فڕۆكەخانەی موسڵ بەشداردەبێت لە ئاسانكاریی جوڵەی ئاسمانی، فڕۆكەخانەی كەربەلا فشاری سەر فڕۆكەخانەی نەجەف كەمدەكاتەوە، بەهۆی زیارەتی ملیۆنی كە ساڵانە كەربەلا پێشوازی لێدەكات، جگە لەوەی دەبێتە وێستگەیەكی هەرێمایەتیی دیار.

دووپاتیشیكردەوە، فڕۆكەخانەی ناسڕییەش گرنگییەكی ئابوریی گەورەی دەبێت هاوكات لەگەڵ زیادبوونی وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتی و غازییەكانی ناوچەكە، ئەمەش چالاكیی ئابوری، گەشتیاری و بازرگانی پەرەپێدەدات.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دەستەی خانەنشینیی عێراق: لە دوای 48 کاتژمێر لە وەرگرتنی یەکەم مووچەی خانەنشینی 4000 خانەنشین پاداشتی خزمەتیان وەرگرت

دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، پاداشتنی کۆتایی خزمەتی زیاتر لە 4000 خانەنشین خەرجکرا کە لەگەڵ چوونە ناو مانگی…
Total
0
Share