بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وادەی دابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان ئاشکرادەکات.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پارەناردن بۆ هەرێمی کوردستان لە بەغدادەوە دەستیپێکردووە، بەڵام رێکارەکانی دابەشکردنی تەواونەبوون.
وتیشی، “پارەکە لە چەند بانکێک دابەشدەکرێت بۆیە کاتی پێویستە و لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا پشووە لەبەرئەوە دابەشکردنەکەی دەکەوێتە دوای پشووەکان واتە سەرەتای ساڵی داهاتوو”.
پێشتر جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2024 لە رێگای بانگی TBI یەوە، پارەی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەگاتە هەرێم.
بەپێی بڕیاری کۆمسیۆن، بڕی 150 هەزار دینار دەدرێت بەو کەسانەی فەرمانبەرن و بەشداریی پرۆسەی دەنگدانیان کردووە وەک کارمەندی کۆمسیۆن، هەروەها دەرچووان و خوێندکارانیش بڕی 250 هەزار دیناریان پێدەدرێت.