بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ و سبەی پلەی گەرمی دادەبەزێت و با لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان چالاک دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ شەممەوە باسی لەوەکرد، ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ دروستبوونی تەم لە کاتەکانی بەیانیدا لە هەندێک ناوچە شاخاویەکان، لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و باکوری رۆژهەڵاتی هەرێم نمەباران و هەندێک کات بارانی مامناوەند بە شێوەی پچڕ پچڕ دەبارێت، لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانیش ئەگەری کەمێک بەفربارین هەیە .
ئاماژەی بەوەشکرد، پلەکانی گەرمی نزم دەبێتەوە بە (4- 5) پلەی سیلیزی بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ و لە دوایی نیوەرۆ با چالاک دەبێت لە هەندێک ناوچەی رۆژئاوای هەرێم خێرایی با بۆ سەرووی 35 کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێکدا زیاددەکات.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی یەکشەممە دەڵێت، ئاسمان ساماڵ دەبێت و لەکاتەکانی ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و پلەی گەرمی هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت.