سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا مەترسی خۆی لەبارەی رووداوەكانی دەوروبەری عێراق دەردەبڕێت.
نوری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، عێراق و هێزە ئەمنییە جیاجاكانی توانای رووبەڕووبوونەوەی ئالنگاری و ئەگەرەكانیان هەیە لە سایەی ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكەدا روودەدەن.
لەهەمان كاتدا هۆشداریدا لە “جموجوڵی پاشماوەی داعـ..ـــش لە بیابان و شانە نووستووەكانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە” و ئاماژەیدا “ترسمان لە مەترسییەكانی دەوروبەری عێراق هەیە پاش رووخانی رژێمی سوریا”.
هەر دەربارەی دۆخی سوریا مالكی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، “ئەوەی لە سوریا روویدا جێی نیگەرانییە، ئەو جۆرە لە هەرەسهێنان و رادەستبوون بەو شێوەیە پێشبینی نەكراوبوو”.
سەبارەت بە دۆخی وڵاتیش روونیكردەوە، كۆمەڵێك هۆكاری پێكەوە گرێدراو هەن كە لە ناوخۆی عێراقدا روودەدەن و پێویستیان بە پێداچوونەوەیە، عێراق وڵاتێكی دیموكراتییە و دەستاودەستی دەسەڵاتی تیادا دەكرێت، لێكتێگەیشتن و رێككەوتنیش هەن بە بوونی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دووپاتیشیكردەوە، “عێراق وڵاتێكە لەسەر بنەمای دەستوور بونیادنراوە، سوورین لەسەر ئەوەی رێڕەوەكەمان گونجاوبێت لەگەڵ دەستوور و چوارچێوە یاساییەكان” باسی لەوەشكرد، پلانی ئیسرائیل بریتییە لە دابەشكردنی وڵاتە دراوسێكانی ناوچەكە.
باسی لەوەشكرد، تائێستا وردەكاریی ئەوەی روویدا لە سوریا لەڕووی كشانەوە سەربازییەكان نازانین، بەڵام رۆڵی توركیا لە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد روونە، كاریگەرییەكانی ئەمریكا، توركیا و ئیسرائیل نەخشەی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەنە ئامانج”.