دەرمانێكی نوێ كە وادەكات ددانەكان دووبارە سەرهەڵبدەنەوە لەژێر تاقیكردنەوەدایە

ئەو كەسانەی ددانەكانیان لەدەستداوە دەتوانن بەشێوەیەكی سروشتی ببنە خاوەن ددانی سروشتی دیكە، بەپێی وتەی پزیشكانی ددانی ژاپۆنی كە دەرمانێكی تازە داهێنراو تاقیدەكەنەوە و هیوادارن ببێتە جێگرەوەی تاقمی ددان یان نەشتەرگەریی چاندنی ددان.

بەپێچەوانەی خشۆك و ماسییەكانەوە، كە بەشێوەیەكی گشتی توانای گۆڕینی ددانەكانیان هەیە، لەسەر ئاستی گشتیی زانراوە كە مرۆڤ و زۆرینەی شیردەرەكانی دیكە، هیچی دیكە جگە لە دوو كۆمەڵە ددان لە دەمیاندا گەشە ناكات.

بەڵام لەژێر پوكدا پێكهاتەی كۆمەڵەی سێیەم هەیە، بەپێی وتەی كاتسۆ تاكاهاشی، سەرۆكی بەشی نەشتەرگەریی دەم لە ناوەندی پزیشكی سەر بە كۆلێجی توێژینەوەی پزیشكی لە شاری ئۆساكا.

لە تشرینی یەكەمی رابردوو، تیمەكەی تاقیكردنەوەی راستەوخۆیان لە نەخۆشخانەی ئۆساكا ئەنجامدا، دەرمانەكەیان لەسەر كەسانی پێگەیشتوو تاقیكردەوە. تیمە پزیشكییەكە دەڵێت، دەرمانەكە توانای هاندانی گەشەی ددانە شاراوەكانی هەیە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری تاكاهاشی-ەوە دەڵێت، تەكنیكێكی “تەواو نوێیە” لە جیهاندا.

زۆرینەی جار وا سەیری چارەسەرەكانی پەیوەست بە ددانی لەدەستچوو دەكرێت، كە پڕتێچووە و پێویستی بە نەشتەرگەرییە، بەهۆی بوونی بۆشایی یان روودانی هەوكردنەوە.

بەڵام تاكاهاشی، بەڕێوەبەری پرۆژەكە دەڵێت، “گەڕاندنەوەی ددانی سروشتی بە دڵنیاییەوە باشیی خۆی هەیە”.

تاقیكردنەوەكان كە لەسەر مشك كراون دەریدەخەن كە، وەستانی كاری پرۆتینی (یو ساگ 1/ USAG-1) دەشێت كۆمەڵەی سێیەمی ددان بەئاگابهێنێتەوە، توێژەران وێنەی تاقیگەیی ددانی گیاندارەكانیان بڵاوكردەوە كە سەرلەنوێ سەریهەڵداوەتەوە.

لە توێژینەوەیەكدا كە ساڵی رابردوو بڵاوكرایەوە، تیمەكە دەڵێت، “چارەسەرەكە بۆ مشك كاریگەرە بۆ نوێبوونەوەی ددان، رەنگە ببێتە داهێنانێك لەسەر ئاستی چارەسەری تێكچوونەكانی ددانی مرۆڤ”.

بابەتی پێشتر

دکتۆر ئەیمی هۆڵمز: هەسەدە هاوپەیمانی 87 وڵات و رێکخراوە

بابەتی دواتر

ترەمپ دەنگۆیەك دەربارەی میلانیا رەتدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share