پاش پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، سیناتۆرێكی ئەمریكی رایدەگەیەنێت، دەبێت پشتیوانیی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ هاوپەیمانە کوردەکان بەردەوام بێت.
کرس ڤان هۆڵن، نوێنەری ویلایەتی مەریلاند لە سیناتی ئەمریکا لە تۆڕی ئێكس رایگەیاند، لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای بارودۆخ لە سوریا، پشتیوانییە چەسپاوەکانی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانە کوردەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەبێت پتەوبێت.
وتیشی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە ئێوارەی پێنجشەممە ئەنجامیداوە، پشتیوانییەکەی دووپاتکردووەتەوە و وتی “جەختمکردەسەر گرنگیی هاوبەشێتی لەگەڵ هەسەدە، کە وەکو نوکی رم بوون لە شەڕی ئێمەدا دژ بە داعش”.
باشترین بەرژەوەندیی ئەمریکا لەوەدایە کە ئەم هاوپەیمانییە بەهێزە بهێڵێتەوە و هێزەکانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بهێڵێتەوە، وەك ئەوەی ڤان هۆڵن ئاماژەی پێداوە.
جەختیش لەوە دەکاتەوە ئەمریکا نابێت “رێگەبدات گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەبێ ترس هێرش بکەنەسەر هەسەدە و، پێویستە هەوڵی ئاگربەستێکی بەردەوام بدات بۆ پشتیوانیکردن لە هاوپەیمانەکانمان و ئاسایشی ناوچەکە”.
هەر دوێنێ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رۆڵی هەسەدەی بە گرنگ نرخاند.
ئەمریکا لە ئێستادا 900 سەربازی لە سوریا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هەیە، کە بەشێکی سەرەکی ئەو هاوپەیمانییە هێزەکانی سوریای دیموکرات بوو.