بەگوێرەی پارچە ڤیدیۆیەک کە کەمێک لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، گرژی و پێکدادان لە سنووری پارێزگای ئەنبار لەنێو هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق و هێزەکانی پۆلیسی ئەنبار دروستبوو .
هەر بە گوێرەی پارچە ڤیدیۆکە، رووبەڕووبوونەوەکە تەقەی تێکەوتووە و هێزەکان سەنگەریان لەیەکتر گرتووە، لەسەر ئەم بابەتەش وەزیری ناوخۆی عێراق راگەیەندراوی بڵاوکردەوەوە.
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرینەبەر بەرامبەر بەو کارمەندانەی هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی و لیوا تایبەتەکان کە ئاژاوەیان لە قەزای گەرمەی پارێزگای ئەنبار دروستکردووە.
دووپاتیشیکردەوە، رێگە بە هیچ سەرپێچی و لادانێک نادەن لە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.
لەبارەی هۆکاری دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەکە باس لەوە دەکرێت، بەهۆی پابەندنەبوونی فەوجەكەی لیوای شەشی پۆلیسی فیدراڵ بووە کە ئامادەنەبوون پابەندی فەرمان ببن و هێزی سەربازی دیکە و بەڕێوەبەری پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.