دوو ساڵ بەسەر رووداوە نەخوازراوەکەی ماڵی حاجی مەزهەر تێپەڕدەبێت کە 15 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا

دوو ساڵ بەر لە ئێستا، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا رووداوێکی نەخوازراو لە شاری سلێمانی روویدا و بەهۆیەوە شار بەرگی خەم و ماتەمی پۆشی، ئەویش تەقینەوەی ماڵی حاجی مەزهەر سیرێی بوو.

کۆبوونەوەی کوڕان و کچان و نەوەکانی خانەوادە لە ماڵی باپیریان و خۆشی و نان خواردن و چا خواردنەوە، بەهۆی لێچوون و دزەکردنی غازی LPG و تەقینەوەی تانکی غازەوە، بووە ماتەم و شینگێڕان و گەڕان بەدوای تەرم لە ژێر داروپەردووی ئەو خانووە داڕوخاوەی پێش رووداوەکە جێگەی کۆبوونەوەی کۆتایی هەفتە و دیداری خوشک و برایان بوو.

رووداوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 14 ئەندامی خانەوادەکە و ئەو وەستایەی کاری چاککردنی سیستمی شۆڤاژەکەی بۆ ماڵی حاجی مەزهەر دەکرد، جگە لەوەش چەند ئەندامێکی خێزانەکە برینداربوون کە ژمارەیان 12 کەس بوو، دوو لەوان کارمەندی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بوون.

لەگەڵ رووداوەکەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی، هەوڵ و ماندووبوونی تەواویان ئەنجامدا بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان و رزگارکردنی بریندارەکان لە رووداوەکە.

بە قسەی قائیمقامیەتی سلێمانی لەو کاتەدا، تەقینەوەکە بەهۆی لێچوونی غازەوە بوو، دواتر ئەو لێچوونە زۆربوو و پەنگی خواردبووەوە و بووە هۆی ئەو رووداوە و رووخانی خانووەکە.

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی رووداوەکەی خورماتوو

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: هێزەکانمان تۆڵەی خوێنی سێ شەهیدەکەی ئەمڕۆ دەکەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share