هاندەرانی پریمەرلیگ دەگەڕێنەوە ناو یاریگاکان؟

بەڕێوبەری پریمەرلیگ گەڕانەوەی هاندەران لەم وەرزەدا بە نزیکی مەحاڵ دەزانێت

بەهۆی بارودۆخی تەندروستی و تەشەنەکردنی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی بەریتانیا، هاندەران لەم وەرزەدا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە نێو یاریگاکان و پێناچیت بتوانن بگەڕێنەوە.

لە ماوەی حەوانەوەکانی سەریساڵ، بەشێک لە هاندەرانی پریمەرلیگ لە هەندێک ناوچەکانی بەریتانیا گەڕانەوە نێو یاریگاکان بەتایبەت ئەو ناوچانەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمترە، بەڵام دوای داخستن و کەرەنتینی سێیەم بڕیارەکە هەڵوەشێنرایەوە و کاری پێنەکرا.

لەبارەی گەڕانەوەی هاندەران و بڕیارە نوێیەکانەوە، تۆڕی ” بی بی سی” بەریتانی پرسیاری لە بەڕێوبەری خولی ئینگلیزی، ڕیچارد ماستەرز کردووە.

ماستەرز لە وەڵامدا ڕایگەیاندووە، ” بەڵێ، بینیمان لە ماوەی حەوانەوەکانی سەریساڵ بەشێکی هاندەران گەڕانەوە، هەندێک لە شار و یاریگاکان ڕێگەیان پێدرا دوو هەزار هاندەر بگەڕێننەوە، ئەوەش شتێکی ناوازە و تایبەت بوو، گەشبینی بە هەمووان بەخشی”.

لە ڕوونکردنەوەیەکی دیکەدا دەڵێت، ” بەڕاستی پێتان دەڵێم، بارودۆخی تەندروستیی نیشتیمانیی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بە تێڕوانینمان بۆ داهاتوو دەکرێت بیر لە وەرزی داهاتوو بکەینەوە نەک ئەم وەرزە، ئەم وەرزە ئامانجمانە بەبێ کێشە و بە پڕۆتۆکۆلی خۆپارێزی کۆتایی پێبهێنین، بۆ وەرزی داهاتووش گەشبینم، ئەگەر بڕیارێک بدرێت ئێمە ئەوپەڕی ئامادەباشیمان کردووە”.

بە وتەکانی ماستەردا دەردەکەوێت، گەڕانەوەی هاندەران بۆ نێو یاریگا ئینگلیزیەکان لەم وەرزەدا نزیکی مەحاڵە و ئامانجیان وەرزی داهاتووە.

بابەتی پێشتر

شاندی پارتی و کۆمەڵ لە کۆبوونەوەدان

بابەتی دواتر

ئەجێندای کارەکانی یەکەم ڕۆژی بایدن لە کۆشکی سپی بڵاوکرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share