كۆمسیۆن رێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت ئاشكرادەكات

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رێژەی ئەو دەنگدەرانەی ئاشكراكرد كە تا كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشدارییان لە دەنگدانی تایبەتدا كردووە.

ئەیسەر یاسین، وتەبێژی لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، تا كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 70%ی دەنگدەران بەشدارییان لە دەنگدانی تایبەتدا كردووە.

وتیشی، رێژەی بەشداریكردن لە (دهۆك 77%، هەولێر 70%، سلێمانی 67% و هەڵەبجە 64%) بووە.

لای خۆیەوە نەبەرد عومەر، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم سەبارەت بە بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ ناو ناوەندەكانی دەنگدان رایگەیاند، وەكو بڕیاری كۆمسیۆن تەنها بەكارهێنانی مۆبایل لە ناو ناوەندەكانی دەنگداندا قەدەغەیە، بڕیاری رێگری لە بردنە ژوورەوەی بڕیاری لیژنەی باڵای ئەمنییە و پێویستە ئەوان دووپاتیبكەنەوە و رێگری لە بردنە ژوورەوەی بكەن لەڕێی ئەو هێزە ئەمنییانەی پارێزگاری لە ناوەندەكانی دەنگدان دەكەن.

وتیشی، “ئەگەر لەناو ناوەندەكاندا مۆبایل بەكاربهێندرێت و وێنە بگیرێت، كیانە سیاسییەكان دەتوانن سكاڵا تۆماربكەن”.

لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستاشدا دەربارەی ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن كادر و كاندیدانی پارتییەوە لە نزیك ناوەندەكانی دەنگدانی هەولێر، نەبەرد عومەر روونیكردەوە، لە 15ی مانگەوە بانگەشەی هەڵبژاردن وەستاوە و هیچ كاندید و لایەنێك بۆی نییە بانگەشە بكات و وتی، “هیچ شتێكی فەرمیمان لەو بارەیەوە پێنەگەیشتووە، لە هەموو ناوەندەكانی دەنگدان سندوقی سكاڵامان هەیە و لایەن و چاودێران دەتوانن وەرەقەی سكاڵا وەربگرن و تۆماری بكەن”.

بابەتی پێشتر

سەرۆكی كۆمسیۆن: پرۆسەی دەنگدان بە باشی بەڕێوەدەچێت

بابەتی دواتر

دەنگدانی تایبەت كۆتاییهات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share