بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی سلێمانی بڵاویکردەوە، سبەینێ یەکەم رۆژی وەرزی پایزە لە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی سلێمانی بڵاویکردەوە، سبەینێ یەكشەممە کاتژمێر 03:43ی دواینیوەڕۆ بەكاتی هەرێمی كوردستانی عێراق، ماوەی شەو و رۆژ لەنیوە گۆی باكووری زەوی بە تەواوی یەكسان دەبێت بۆ 12 كاتژمێر رۆژ و 12 كاتژمێریش شەو، بەمەش لە رووی فەلەكییەوە دەبێتە یەكەم ڕۆژو دەستپێكی وەرزی پایز لە نیوە گۆی باكووری زەوی كە بە هاوسەنگبوونی پایزی ناسراوە و ماوەكەشی 89 رۆژ و 20 كاتژمێر و 37 خولەك دەخایەنێت، وە بە پێچەوانەوە، دەبێتە یەكەم رۆژی وەرزی بەهارە لە نیوەگۆی باشووری زەوی كە لەو ناوچانە بە هاوسەنگبوونی بەهاریی ناسراوە.
ئاشکراشیکرد، هۆكاری ئەو جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بە ئاستی 23.5 پلە بەرامبەر بە خولگەكەی بە دەوری خۆردا، بۆیە تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات لە نێوان هەردوو خولگەی قڕژاڵ لە نیوەگۆی باكوورو خولگەی گیسك لە نیوەگۆی باشووردا، بەمەش گۆڕانكاریی ڕێكوپێكی دووبارەبووەوە لە ئاست و رێژە و ماوەی بەركەوتنی تیشكی خۆر لەسەر زەوی ڕوودەدات، هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گۆڕانكاریی بەرچاو لە پلەكانی گەرما لەسەر رووی هەسارەكەماندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەمان رۆژدا ماوەی نێوان زەوی و خۆر دەگاتە 149 ملیۆن و 600 هەزار كیلۆمەتر كە بە نێوەندی دووریی دەناسرێت و بەردەوامیش لە خۆر نزیكتردەكەوێتەوە، بۆیە لە 21 ی کانوونی یەکەمدا كە بە رۆژی هەڵگەڕانەوەی زستانە دەناسرێت لە نیوەگۆی باكووری زەوی و ئەوكاتە هەسارەكەمان دەگاتە نزیكترین خاڵ لە خۆرو ماوەی نێوانمان 147 ملیۆن و 95 هەزار كیلۆمەترە، لە هەمان ڕۆژیشدا (هەڵگەڕانەوەی هاوینەیە بۆ نیوەگۆی باشووری زەوی.
کەشناسیی سلێمانی باسیلەوەشکرد، هۆكاری ئەم دوو گۆڕانكارییە پێچەوانەییەش لە هەمان رۆژدا، دەگەڕێتەوە بۆ لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی بەرامبەر بە خولگەكەی و گۆڕانی گۆشەی بەركەوتنی تیشكی خۆرو گۆڕانی ماوەی شەو و رۆژە، نەك نزیككەوتنەوە و دووركەوتنەوە لە خۆر.