ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق سوورە لەسەر بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگای بانكە فیدراڵییەكانی عێراقەوە و پێیانووایە تائێستا هەرێم هەنگاوی جددی بۆ ئەو مەبەستە نەناوە.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بۆ چەند پرسێكی گرنگ لە پەرلەمان لەگەڵ بەرپرسانی بانكی بازرگانیی عێراقدا كۆبووینەوە و باس لە بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران كرا كە تێیدا جەختیانكردەوە ئەوان پابەندن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ مووچەی مووچەخۆران و دەبێت لە رێگای بانكە فیدراڵییەكانی عێراقەوە مووچەی مووچەخۆران بەبانكی بكرێت.
وتیشی، “بەرپرسانی بانكی بازرگانیی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا پێیانووابووە كە تائێستا هەرێم هەنگاوی جددی بۆ بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەناوە”.