پاش یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكە باس لە هەنگاوەكانی داهاتوویان دەكات
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، دانیشتنی رۆژی 10ی ئابی ئەنجومەنی پارێزگا یاسایی و دەستووری بووە، دوای ئەوەی سەرۆكی تەمەن نەیویست ئامادەی دانیشتنەكە بێت، لە كۆی 16 ئەندام 9 ئەندام ئامادەبوون و رێكارە یاساییەكان جێبەجێكران.
وتیشی، “پارێزگاری نوێ چاوەڕوانی دەرچوونی مەرسومی سەرۆك كۆمار دەكات، كە لەم دوو رۆژەدا دەبێت، دوا ئەوە بە رەسمی دێت و دەستبەكاردەبێت، كە ئەوە رێككاری یاسایی و پرۆتۆكۆلی دەوڵەتە، پێویستە بە زووترین كات جێبەجێ بكرێت”.
پەروین فاتیح باسی لەوەشكرد، “ئێمە قەرزاری خەڵكین لەبارەی ئەوەی بانگەشەمان بۆ كردووە و بەڵێنمان پێداون، ئەو بەرنامەی كارەی لە رابردوودا وتوومانە، دەبێت هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێی بكەین”.
روونیشیكردەوە، یەكەم هەنگاو حەوت هەزار و 400 پلەی وەزیفی هەیە و تائێستا بانگەوازیان بۆ نەكردووە، دەبێت رێوشوێنێكی تایبەت بۆ دامەزراندن دابنێن و وتی، “دەمانەوێت بە دادپەروەری پرسی دامەزراندن چارەسەر بكەین”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ئەوەشی خستەڕوو، كێشەی زەویوزار یەكێكی دیكە لە ئەركەكانیانە و پێویستە كاری لەسەر بكەن. لەمەشدا نەك تەنها كورد بەڵكو توركمانیش كێشەی زەوییان هەیە و پێویستی بە هەنگاونانە بۆ چارەسەر.