وەزارەتی دارایی هەرێم بە نووسراوێک رێنمایی راگرتنی وەرگرتنی باجی لە پیشەوەران بڵاوکردەوە
لە رێنماییەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمدا هاتووە، وەزارەتەکەیان بە رەچاوکردنی دۆخی دارایی هاوڵاتییان و پیشەوەران و ئاماژە بە کۆنووسی لیژنەی دەرکردن و پێداچوونەوە بە رێنماییە داراییەکان ژمارە 110 لە 1ی ئابی 2024 بڕیاریدا بە:
یەکەم، راگرتنی رێنماییان ژمارە 9ی ساڵی 2021، کە پاڵپشتە بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 96 کە تایبەتە بە باجی سەر چێشتخانە و هۆتێلەکان.
دووەم، راگرتنی رێنماییان ژمارە 10ی ساڵی 2021 کە تایبەتە بە باجی سەر نەخۆشخانە تایبەتەکان.
سێیەم، راگرتنی وەرگرتنی باجی سەر سەموونخانە و نانەواخانەکان.
چوارەم، راگرتنی وەرگرتنی (ضريبة العرصات) تاوەکو یەکلاییکردنەوەی رێکخستنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنەوەی باج لەگەڵ دامودەزگا ئیتیحادییەکان و هەموارکردنەوەی یاساکە.
وەزارەتی دارایی روونیشیكردووەتەوە، رێنماییەكە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێدەکرێت و لە رۆژنامەی رەسمیی کوردستاندا بڵاودەکرێتەوە.