پەرجوو.. مارێكی نێری “تەنها” 14 تولەماری دەبێت

دەركەوتنی 14 ماری بچوك، لە شوێنێكدا كە مارێكی پێگەیشتووی تەنهای لێیە، هاوشێوەی پەرجوو “موعجیزە”یە، لەبەر دوو هۆكار.

یەكەم لەبەر ئەوەی مارەكە 14 تولەماری خستووەتەوە سەرەڕای باوەڕی زانایان بەوەی نێرە، دووەمیش لەبەر ئەوەی هیچ پەیوەندییەكی جوتبوونی لەماوەی 9 ساڵی رابردوودا نەبووە.

بەپێی رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی، مارەكە لە تیرەی “بوا”ی بەرازیلییە و لە حەوزێكی كۆلێجی بۆرتسمۆسی بەریتانی دەژی، ناوی “رۆناڵدۆ”یە و درێژییەكەی 1.8 مەترە.

كۆلێجەكە لەدایكبوونی ئەو تولەمارانەی بە “پەرجوو” ناوبردووە و دەڵێت، “ئەوەی روویداوە نمونەیەکی دەگمەنە لە پەرتنۆجینێسیس (parthenogenesis)، کە فۆڕمێکی سروشتیی زاوزێی بێ جووتبوونە و، تیایدا کۆرپەلە بەبێ پیتاندن دێتە بوون”.

ئەو زیادبوونە لەناو رووەكەكان و هەندێك گیانداردا بڵاوە، بەڵام باوەڕوایە ئەمە تەنها سێیەم جارە كە لەم جۆرە مارەدا تۆماربكرێت، لە سەرتاسەری جیهاندا.

پیت كوینلان، پسپۆڕی خشۆكەكان وتی، “رۆناڵدۆ قەڵەوتر دەردەكەوت لە دۆخی ئاسایی خۆی وەك ئەوەی ژەمێكی گەورەی خواردبێت، بۆ تەنها ساتێك بیرمان لەوە نەكردەوە، ئەوەی دەكرێت پێیبووترێت، كە ئەو دووگیانە”.

كوینلان بۆ ماوەی 9 ساڵ چاودێریی رۆناڵدۆی كردووە، پاش سەرلەنوێ بنەجێكردنی لەلایەن كۆمەڵەی شاهانەوە بۆ رێگری لە پەلاماردانی گیاندارانی دیكە و، باوەڕوابوو كە نێرە.

كوینلان وتی، لەئێستادا سەرقاڵی زانینی رەگەزی تولەمارەكان و ئامادەكردنی 14 شوێنی نوێیە بۆیان و، “تەنها دوای بەپێی پێویست گەورەبوونیان، مارەكان دەگوازرێنەوە بۆ ماڵی نوێ”.

بەپێی باخچەی ئاژەڵانی (دودلی)، زۆرینەی مارەكانی جۆری “بوا”ی بەرازیلی لەنێوان 12 بۆ 15 تولەمار دەخەنەوە.

ماری نوێ پاش نزیكەی شەش مانگ بەسەر جوتبووندا دێتە دنیاوە و، دەست بە خۆراك وەرگرتن دەكات كاتێك دەگاتە تەمەنی 10 رۆژی، درێژییەكەی لەكاتی لەدایكبووندا لەنێوان 38 بۆ 50 سانتیمەتردایە و، دەگاتە 1.2 مەتر لە ساڵی یەكەمدا، مێینەكانیان زیاتر لە نێرینەكانیان گەشە دەكەن.

س: سكای نیوز عەرەبی

بابەتی پێشتر

لیستی مووچە رەوانەی بەغداد دەكرێت

بابەتی دواتر

کێشەی ئەو ژنە چارەسەرکرا کە لەگەڵ منداڵەکانی لە باخی گشتیی سلێمانی دەمانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share