دارایی عێراق دەست بە دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگە دەكات.
وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویكردەوە، لە سبەینێوە بەشی ژمێریاریی وەزارەتەكەیان دەستدەكات بە رێکارەکانی دابینکردنی دارایی (تمویل)ی مووچەی مانگی حوزەیران (6)ی فەرمانبەران و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان.
وەزارەتەكە داواش لە وەزارەت و فەرمانگەكان دەكات راسپێردراوەكانیان رەوانە بكەن بۆ تەواوكردنی رێكار و پێویستییەكانی تایبەت بە خەرجكردنی مووچە.
دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگە لەكاتێكدایە، تائێستا هێزە ئەمنییەكانی هەرێم مووچەی مانگی رابردوویان وەرنەگرتووە.
چاوەڕوانیش دەكرێت، دوای تەواوبوونی دابەشكردنی مووچە لە عێراق، پارەداركردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستپێبكات.
دوێنێ سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پێشتر گرفتێك لە مووچەی هێزە ئەمنییەكان هەبوو كە حكومەتی عێراق داوای لیستی ناوی هێزە ئەمنییەكانی كرد، لە هەرێمی كوردستانەوە لیستەكە رەوانەكراوە و وردبینی تێدادەكرێت.
ئاشكراشیكرد، چاوەڕواندەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنی دەوامی رەسمی دامودەزگاكان دەست بە ناردنی پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەكان بكرێت.
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەستپێبكات هاوشێوەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق مانگانە لە كاتی خۆیدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەنێردرێت.