بافڵ جەلال تاڵەبانی: هونەرمەندان لە قۆناغە جیاوازەكانی خەباتی گەلی كورددا رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان گێڕاوە.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازیی لە هونەرمەندانی دیاری میللی کورد سەڵاح مەجید، زاهیر جەلال، مەحمود محەمەد و جەزای ساز كرد.

لەدیدارەكەدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی هونەرمەندانی كرد سەرەڕای هەوڵەكانیان بۆ پێشخستنی هونەر و فەرهەنگی كوردی، لە قۆناغە جیاوازەكانی خەباتی گەلی كوردیشدا خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانیی بوون و رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان گێڕاوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، “هونەر بەشێكی گرنگ و دانەبڕاوی مێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، بێگومان بە رێز و پێزانینەوە لە هەوڵ و بەخششی هونەرمەندانی كورد دەڕوانین و شانازیی بەو مێژووە درەوشاوەیەوە دەكەین كە تۆماریانكردووە”.

روونیشیکردەوە، ئەگەر دابڕانێك لەنێوان حزبەكە و هونەرمەنداندا هەبووبێت، ئەوا داوای لێبوردن دەكەین و دڵنیایان دەكەین لەداهاتوودا بە سیاسەت و ستراتیژێكی نوێوە لەخزمەت هونەر و فەرهەنگی كوردیدا دەبین وەك ئەوەی هێرۆخان لە رابردوودا ئەنجامیداوە و هەمیشە پاڵپشتی هونەرمەندان بووە.

لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ سوپاسی پشوودرێژیی هونەرمەندانی كوردستانی كرد و رایگەیاند، “پێزانینمان هەیە كە سەرباری ئاستەنگی و قەیرانەكان، هەوڵی پێشكەوتن و داهێنانتان داوە، ویستووتانە هونەر زمان و پەیامی ئێوە بێت، بێگومان ئێمەش لەداهاتوودا هاوڕێ و هاوكارتان دەبین.”

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هۆشداری لەچالاكبوونەوەی داعش دەدرێت.. ‘تیرۆر’ لەڕۆژئاوای كوردستان زیادیكردووە

لە سەرەتای ئەم مانگەوە حاڵەتەكانی “تیرۆركردن” لە ڕۆژئاوای كوردستان زیادیكردووە، كە دواهەمینیان كوشتنی محەمەد حەمادی، بەرپرسی ئەنجومەنی پەنابەرانی…
Total
0
Share