هەولێر.. دەستدەكرێت بە رێكخستنەوەی بازاڕی قەیسەری و لابردنی سەرپێچییەكان لە بازاڕە میللی و شوێنە گشتییەكاندا

پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، دەستدەكرێت بە رێكخستنەوەی بازاڕی قەیسەری و لابردنی سەرپێچییەكان لە بازاڕە میللی و شوێنە گشتییەكاندا.

بەپێی راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیوانی پارێزگا كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە بەشێك لە بازاڕەكانی شاری هەولێر، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئیدارەی شاری هەولێر ئەنجامدرا.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “لەپێناو پاراستنی شوێنە گشتییەكان و سەلامەتیی گیانی هاوڵاتییان و رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە جەخت لەسەر پابەندبوون بە رێنماییەكان و رێكارەكانی پاراستن و سەلامەتی لە شوێنە گشتیەكان و نێو بازاڕەكان كرایەوە و تەواوی لایەنەكان راسپێردران دەستبكەن بە ڕێكخستنەوەی سەرتاسەری بازاڕی قەیسەری و سەرجەم بازاڕە میللیەكان و شوێنە گشتییەكان و هەڵگرتنی سەرپێچی و زیادەڕۆییەكان و هەموو ئەو مەترسییانە كە دەبنە هۆكاری دروستبوونی رووداوی لەمشێوەیە بە تایبەتی نەهێڵانی هەڵواسینی پەردە لە دوكانەكان كە هۆكارێكی سەرەكیی ئاگركەوتنەوەكان و تەشەنەسەندنەكانی بووە.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەبارەت بە سیستمی جێگیری ئاگركوژێنەوە لە بازاڕەكان، بەرگریی شارستانی و قائیمقامیەتی ناوەندی و سەرۆكایەتیی شارەوانی راسپارد پێداچوونەوە بەو سیستمانەی كە جێگیركراون بكرێت و هەر كێشە و گرفتێكی تەكنیكییان هەبێت لە زووترینكاتدا چاكبكرێن.

بابەتی پێشتر

قەڵادزێ: پۆلیس تۆمەتبارێکی هەڵاتووی دەستگیرکرد

بابەتی دواتر

توێژینەوەیەک مەترسیی بەکارهێنانی غاز لەناو ماڵدا ئاشکرادەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share