پێداچوونەوە بە مۆڵەتی سەنتەرە حکومی و ناحکومییەکانی ئۆتیزم دەکرێت

بەپێی وتەی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، هەر سەنتەرێک کەمتەرخەم بێت بەرامبەر منداڵانی توشبووی ئۆتیزم مۆڵەتی لێوەردەگیرێتەوە.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ئامادەبوونی بێستون جەبار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بەوەکالەت، لە پارێزگای سلێمانی پێشوازی لە د.سامان ئەنوەر، سەرۆکی لیژنە هەمیشەییەکانی  پارێزگای سلێمانی و شاندێکی یاوەری کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێداچونەوە بەسەنتەرە حکومی و ناحکومییەکان و بێلانەکان و مۆڵەتی بەخێوکار سێ تەوەری گرنگی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بوون، تیایدا گفتوگۆکرا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەنتەرەکان.

ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەهەماهەنگی پسپۆڕی دەروونی و لایەنی پەیوەندیدار ژمارەیەک رێکار دەگرێتەبەر بۆ پێداچونەوە بەو سەنتەرانەی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کار و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی مۆڵەتیان پێداون.

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، چاوپۆشی ناکەن و هەر سەنتەرێک کەمتەرخەم بێت بەرامبەر منداڵانی توشبووی ئۆتیزم مۆڵەتی لێوەردەگرنەوەو بۆ ئەو مەبەستە پێداچونەوە بۆ سەرجەم سەنتەرەکان دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، پشکنینی پزیشکی لە لیژنە هەمیشەیەکان بۆ هاوڵاتییانی خاوەن پێداویستی تایبەت تەوەرێکی دیکە بوو، کە تیایدا مۆڵەتی بەخێوکار و بێلانەو بەخشراوەکان پاش بینینیان لەلایەن لیژنەکانەوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

بابەتی پێشتر

پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز لە عێراق و هەرێم دەکرێت

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەران متمانە لە بەرپرسێک وەردەگرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share