زیانەکانی ئاردی سپی بۆ تەندروستیی مرۆڤ بزانە

پسپۆڕێكی بواری خۆراك، مه‌ترسییه‌كانی خواردنی بەرهەمی ئاردی سپی ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت، “هۆكارێكه‌ بۆ زیادكردنی كێشی له‌شی مرۆڤ.”

له‌شكر حه‌مید، ئه‌ندازیاری خۆراك و سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ڕایگه‌یاند، “ئاردی سپی، هۆكارێكه‌ بۆ زیادبوونی ئاره‌زووكردنی خواردنی خوارده‌مه‌نییه‌كان و زیادكردنی كێشی له‌شی مرۆڤ.”

ڕوونیشیكردەوە، “ئه‌و كاربۆهیدراته‌ی له‌ ئاردی سپیدا هەیه، ئاستی شه‌كر له‌ خوێندا به‌رزده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئەوەش هۆكاره‌ بۆ دروستبوونی نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان.”

ئەو پسپۆڕەی بواری خۆراك ئاماژە بۆ جیاوازیی نێوان ئاردی سپی و ئاردی بۆر دەكات و دەڵێت، “ئاردی سپی زیان به‌ ته‌ندروستیی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، به ‌پێچه‌وانەوە ئاردی بۆر سوودی زۆری بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌، ئەوەش به‌هۆی گرنگیی بەها خۆراکییەکەی و هه‌بوونی ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ ڤیتامینه‌كان و كانزاكان تیایدا، به ‌تایبه‌تی گروپی ڤیتامینه‌كانی (B) و ڤیتامین (نایسین) و هه‌بوونی كانزاكان، ‌كە وا دەكەن ئەو جۆرە ئاردە كاریگه‌ی بۆسه‌ر له‌شی مرۆڤ به‌ گشتی و خانه‌كانی مێشك به‌ تایبه‌ت هه‌بێت، جگە لەوەی ئاردی بۆر وزه‌ی كه‌مه‌ به‌راورد به‌ ئاردی سپی و ڕێژه‌یه‌كی زۆر پرۆتینی تێدایه‌ كه‌ بۆ بنه‌مای پێكهاته‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ پێیوستن‌.”

له‌شكر حه‌مید باس لەوە دەكات كە ئاردی بۆر یارمه‌تی مێشك ده‌دات كرداری چالاكییه‌كانی ڕێكبخاته‌وه‌ و ڕێگری ده‌كات له ‌به‌رزبوونه‌وه‌ی كۆلیسترۆڵ و به‌رزبوونه‌وه‌ی شه‌كر له ‌خوێندا و كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆلیسترۆڵه‌ زیانبه‌خشه‌كان و چه‌ورییه‌ زیانبه‌خشه‌كان له‌ناو له‌شی مرۆڤدا.

هەروەك سوودێكی تری ئاردی بۆر ئاشكرا دەكات و دەڵێت، “به‌هۆی هه‌بوونی فسفۆڕ له‌ ئاردی بۆردا، ئێسكی مرۆڤ پته‌وده‌كات و شانه‌كان و خانەکانی  له‌ش ده‌پارێزێت کە گرنگن بۆ دواخستنی دەرکەوتنی نیشانەکانی پیری، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان گرنگی به‌ ئاردی بۆر بده‌ن، چونکە سوودی بۆ لەش و ته‌ندروستیی مرۆڤ هەیە و هیچ زیانێکی نییە.”

بابەتی پێشتر

ئیسرائیل لە ساڵی 2020دا 729 خانووی فەڵەستینییەكانی ڕوخاندووە

بابەتی دواتر

دهۆك.. تەنها لە ئەمڕۆدا سێ گەنج كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share