وتەبێژی حکومەتی عێراق: هێزەکانی هاوپەیمانان ناتوانن بۆ هەمیشە لە وڵاتەکەمان بمێننەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، “کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یەکێکە لە بڕگەکانی بەرنامەی حکومەت و ئەوان ناتوانن بۆ هەمیشە لە عێراقدا بمێننەوە”.

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، “کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یەکێکە لە بڕگەکانی بەرنامەی حکومەت و لە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازی کە بەڕێوەچوو بە فەرمی ئەو کارە دەستیپێکرد”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، “دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازی هاوبەشی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خەونێکی زۆر گەورە بوو، بەو پێیەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014 دامەزرا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیش لە ساڵی 2018 کۆتاییهات”.

دەشڵێت، “جێی خۆیەتی دەستبکرێت بە لێکۆڵینەوە لە داهاتووی هاوپەیمانییەکە و داڕشتنی نەخشەڕێگایەک کە رێککەوتنی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغێکی نوێی هاوکاری دووقۆڵی لەبری هاوپەیمانییەکە”.

ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق جەختی لەوەش کردەوە، “ئەو هێزە ناتوانێت بۆ هەمیشە لە عێراق بمێنێتەوە و پێویستە گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە لە ئامانجەکانیان بکرێت، هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە کە ئەرکی هاوپەیمانییەکە لەم کابینەیەی حکومەتدا کۆتاییدێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share