ئەندازیارێکی کارەبا وەڵامی شاسوار عەبدولواحید دەداتەوە

دوای ئەوەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ گرتە ڤیدیۆییەک لەسەر بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بەهۆی تۆڕبایینی هەوایی بڵاودەکاتەوە، ئەندازیارێکی کارەبا وەڵامی دەداتەوە.

ئەبوبەکر حەمەد، ئەندازیاری کارەبا لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوی نوێ دەداتەوە و دەڵێت، سێ رۆژ پێش ئێستا، شاسوار عبدالواحید لە گرتە ڤیدیۆییەکدا لەتەنیشت تۆڕبایینێکی هەوایی دەردەکەوێت کە هەرخۆی بڵاویکردووەتەوە، باس لەبەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دەکات بەهۆی تۆڕبایینی هەوایی و بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات و چارەسەری کێشەی کارەبا بەوهۆیەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات، لێرەدا لە پێناو رێگریکردن لە چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندنی رای گشتیدا بەچەند خاڵێک بابەتەکە  لەرووی زانستیەوە هەڵدەسەنگێنین:

1-ئەو بەڕێزە تەنها باسی تۆربایینەکە دەکات بەڵام باسی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای تۆربایینەکە ناکات کە توانای چەندە؟ وە باسی خەرجی و تێچووەکەی ناکات.

2- تێچوون و بەرهەمەکە هەرچەند بێت، دەتوانرا بەو تێچوونە 5 تا 10 ئەوەندە وزەی کارەبای زیاتر بەرهەم بهێنرێت لەرێی وزەی خۆرەوە.

3- لەکوردستان بەهۆی ناجێگیری و هەڵبەز و دابەزی خێرایی هەوا و شنەبا و رەشەبا، ناتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت و پشتی پێببەسترێت، خۆ ناکرێت فیدەری کارەبا لەگەڵ هەڵبەز و دابەزی خێرایی ( با)دا ON و OFF پێبکرێت.

4-بەپێ ی بنەما زانستیەکان، بەهۆی ناجێگیری و هەڵبەز و دابەزی بەرهەم هێنان لە ئەنجامی ناجێگیری خێرایی (با)دا نابێت بڕی کارەبای تۆربایینی هەوایی لەتۆڕی کارەبادا لە (‌‌‌3٪ – 5٪) زیاتربێت، لەوە زیاتر دەبێتە هۆی تێکدانی جێگیری و ئیستیقراری تۆڕی کارەبا، کەواتە تۆڕی کارەبای هەرێم لە ئێستادا ناتوانێت لە 120 – 200 مێگاوات زیاتر لە تۆربایینی هەواییەوە کۆنترۆڵ بکات، ئەی 1000 مێگاواتەکەی کاک شاسوار چی لێبکرێت؟.

5- کێشەی کارەبا و هیچ کێشەیەکی دیکە بە قسەی باق و بریق و بە لایک و کۆمێنتی زۆر چارەسەرناکرێت.

6- خۆ زۆر ئاساییە من و کاک شاسوار و سەدان کەسی دیکەش لەهەموو شتێک نەزانین، بۆیە زۆر باشتر بوو ئەو بەڕێزە پێش بابەتی ریکلامەکە، پرس و را بە سێ چوار کەسی نزیکی خۆی بکات، ئەو کاتە تووشی قسە و بابەتی کرچ و کاڵ و بێ مانا نەدەبوو.

 

 

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی راوێژکاری کاروباری ئێرانی لە بەغداد کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتی پێدا

بابەتی دواتر

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراقە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share