کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان: دەنگدەرانی سلێمانی نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار دەنگدەرن

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی کانونی دووەم ڕایگەیاند کە تیمە گەڕۆکەکانیان لە سەرجەم گەڕەک و یەکە نیشتەجێبوونەکان دەگەڕێن بۆ تۆمارکردنی هاوڵاتییان و ژمارەی دەنگدەرانیش دەگاتە نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار کەس.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژانامەوانیدا ئامانج عەزیز، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، “تۆمارەکانمان ئامادەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران و ناوی ئاوارەکان و وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، هەروەها تیمی گەڕۆکمان هەیە بۆ سەردانی کەمپی ئاوارەکان کە بریتین لە کەمپەکانی ئاشتی، عەربەت، قەرەتوو و تازەدێ”.

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وتیشی، “داوا لە لەدایکبووانی 2001، 2002، 2003 دەکەین سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە ناوەکانیان و تۆماری بایۆمەتری ئەنجامبدەن، چونکە لە ڕۆژی دەنگداندا تەنها پشت بە کارتی بایۆمەتری دەبەسترێت بۆ پرۆسەی دەنگدان”.

هەروەها داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد ئەوانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا دەنگیانداوە و کارتەکانیان لێوەرگیراوە سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لەم مانگەدا تیمە گەڕۆکەکانی کۆمسیۆن بە سەرجەم گەڕەک و یەکە نیشتەجێبوونەکاندا دەگەڕێن بۆ تۆمارکردنی دەنگدەران و وەرگرتنی زانیارییە کەسییەکان و وێنەیەکی بایۆمەتری کە ڕێگر دەبێت لە هەر پێشێلکارییەک لە پرۆسەی دەنگداندا”.

سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەران و ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا وتی، سەرجەم ئامادەکارییەکانیان کردووە و ئامادەن بۆ هەموو ڕێکارەکان و هیچ ئاماژەیەکیش نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان، نزیکەی %60 ی دەنگدەرانی سلێمانیان تۆمارکردووە کۆی ژمارەی دەنگدەرانیش لە پارێزگاکە دەگاتە نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار دەنگدەر.

 

بابەتی پێشتر

كاندیدی بەهێز بۆ جێگرەوەی مێركل: چیتر ڕێگا بۆ كۆچبەران بەكراوەیی نامێنێتەوە

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، یەکشەممەی خولەکانی ئەوروپا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share